بینراوه
:
ئێواره‌ی سێ شه‌ممه له‌سه‌ر چوار شه‌ممه 31/1 له‌سه‌ر 1-2 ی 2018 له‌ته‌ك مامۆستا ئه‌مین عبدالكریمی ژنبرامدا له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه به‌رێكه‌وتین به‌ره‌و گوندی ته‌پی صهفای خواروو بۆ میوانی به‌رێز و خۆشه ویست كاك مه‌لا تایه‌ری حاجی عوسمان كه ماوه‌یه‌ك بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌م مه‌جلیس و میوانی یه‌ی ده‌كرد، به‌گه‌یشتنمان خۆی و كاك مارفی برای و كوڕ و كوڕه‌زا و و برازاكانی پێشوازییه‌كی گه‌رم و گوڕیان لێكردین هه‌روه‌ها خێزانه به‌ڕێزه‌كه‌شی زۆر گه‌رم و گوڕتر هات به خێرهاتنی كردین و به عورفی كوردهواری و عه‌شایری ڕه‌سه‌ن شانی مامۆستایشی ماچ كرد و وتی ماڵه‌كه‌مان ڕۆشن بووه‌ته‌وه به ته‌شریف هێنانتان یا خوا ڕووسوور بێت و جارێكی تر جه‌رگی نه سوتێ، له پاش گه‌یشتنی ئێمه به‌ڕێزان كاك مه‌لا عبدالمجیدی ته‌په گوڵاوی و مامۆستا حمه فه‌ریقی شه‌كرالی و كاك جمال ئه‌حمه‌دی بێ ڕهشكهیی و كاك شێخ محمدی شێخ مسته‌فای كهوڵۆسیش گه‌یشتن پاش به‌خێرهاتن و خۆش هاتنی به‌ڕێزیان و هه‌واڵ پرسین كاتی نوێژی مه‌غریب هات، وتم با بڕۆین بۆ مزگه‌وت به‌ڵێ ڕۆشتین بۆ ئه‌و مزگه‌وته‌ی زنجیره‌یه‌ك زانا و مه‌لای گه‌وره مه‌لایه‌تی و مودهڕیسییان تیادا كردبوو له‌وانه مامۆستا سید محمودی كهلجی له ساڵی 1947 دا جه‌نابی شێخی عه‌لادین بۆی ناردوون،مامۆستا شێخ عه‌زیزی پاره‌زانی و چه‌ندین مامۆستای تر كه چوینه ناو مزگه‌وت جه‌نابی مامۆستا حه‌سه‌ن شه‌مێرانی و مامۆستا حمه یوسف و كاك حاجی حسه‌ین توتمانی و شاهیدی كوڕی مامۆستا حسن له‌وێ بوون، به‌ڵێ به ئیمامه‌تی جه‌نابم نوێژی مه‌غریب و عیشامان به كۆكردنه‌وه كرد و هاتینه‌وه بۆ ماڵه‌وه، كاك حاجی جه‌لال تایه‌ر به‌گ و كاك حارس عبدوالقادر و كاك عزالدین ته‌پی صهفاییش گه‌یشتن ده‌ست و مۆچیشمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش كرد و دانیشتین تا نزیك بانگی عیشا قسه‌ی خۆش و سه‌رگوزه‌شته و شیعری سه‌عدی شیرازی و مه‌وله‌وی و مه‌لا كاكه حمه‌ی ناری وبابه‌تی خۆشمان توێ كرد، جه‌نابی كاك مه‌لا تایه‌ر باسی شایی ئیجازهنامهكهی بیاره‌ی بۆكردین كه ئه‌و مامۆستا مه‌لا سید مهحمودهش یه‌كێك بووه له فه‌قێ ئیجازه وه‌رگره‌كانی مه‌دره‌سه‌ی بیاره، وتی باوكم به جه‌نابی شێخ عه‌لادینی بیاره‌ی وت: ئاگادارمان بكه‌ن له رۆژی ئیجازهدانهكه ، خه‌بر هات فڵانه رۆژ شایی ده‌كرێت بۆ ئیجازه‌دانی مه‌لاكان، لێره‌دا حاجی خالدی خاڵۆم به‌رانێكی چاكی جیاكرده‌وه و ناردی ،باوكیشم سێ هۆڕ چه‌ڵتوكی نارد بۆ هه‌ڵه‌بجه كڕڕهیان كرد و هێنایانه‌وه كوڕێك ناوی تۆفیق بوو له ماڵماندا بوو باوكم برنجه‌كه‌ی باركرد و به تۆفیقدا ناردی بۆ بیاره، مامۆیشم یه‌ك صنوق چایی و شه‌كری ورده و شه‌كری كه‌لله و پیاڵه و ژێر پیاڵه‌ی به ده‌رزه‌ن نارد، مامه حاجی مسته‌فایش دووهیزه ڕۆنی مێوهسی كڕی له حاجی سه‌عید هانه‌ی دنی و ناردی بۆ بیاره، له ڕۆژی ئیجازهنامهكهدا ئه‌م پیاوه به‌ڕێزانه هه‌موو كه‌وتنه ڕێ بۆ بیاره بۆ ئه‌و بۆنه خۆشه و لێره‌وه وڵاخێكیشیان به تۆفیقدا نارد بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستا سید مه‌حمود له‌و سه‌ره‌وه سواری ببێت، به‌ڵێ مامۆستایان هێنا و ماوه‌یه‌ك دانیشت به تاق و ته‌نها مامۆم پێی وت مامۆستا تۆ ئیشت ناڕوا به‌م جۆره ئه‌بێت شتێكت بۆ بكه‌ین ، ئه‌ویش وتی مامه حاجی من خۆم عه‌باكه‌م و مێزهرهكهمم هیچم نی یه ،وتیان كارت نه‌بێت تۆ ته‌نها بڵێ باشه، به‌لێ ڕۆشتن له خورماڵ داوای كچی ئه‌حمه‌د شیرینیان بۆكرد و ده‌ست ماچ كرا و ڕۆژی شایی و بوك هێنان دیاری كرا ، ئالێره‌دا كاك عبدالرحیمی كوڕی ئیشاره‌تێكی كرد بۆمن كه نان ئاماده‌یه ، ئێمه‌ش میوانه‌كانی كاك مه‌لا تایه‌ر زۆر برسیمانه، وتم قوربان بووه‌سته وتی فه‌رموو وتم كاتی نانخواردنی شاییه‌كه‌ی مامۆستا مه‌لا سید محموده فه‌رموون بۆ سه‌ر سفره‌كه دوای بووك هێنانهكهش ته‌واو ده‌كه‌ین ، ئیتر بهینه بهینه جلال و جمال نوكته و قسه‌ی خۆش ئه‌گێڕنه‌وه و ماموستا حمه یوسف جارجار شیعرێكی ده‌كا به سه‌ردا و منیش قسه‌ی خۆم ده‌كه‌م له باسی مامه خوله‌ی كه‌وڵۆسی و حاجی تایه‌ر به‌گی توتاقاجی و بنده‌ره و باریكه و سید صادق ، مامۆستا شهمێرانیش به وتاره ڕۆحانی یه‌كانی ئاوی حه‌یات ده‌كات به‌سه‌ر ئاگری ده‌روونماندا و هه‌میسان كاك مه‌لا تایه‌ر له گولستان و ئه‌سكه‌نده‌ر نامه وكهیشوده و په‌نده‌كانی عه‌تار شتێكی بهتامو چێژمان به فارسی بۆ ده‌خوێنێته‌وه و له‌گه‌ڵ زڕڕه‌ی كوچك و پیاڵه‌ی چای شیرین تێكدانا سه‌مفۆنیایه‌كی دروست ده‌كرد، شه‌وێكی خۆش و پڕ به‌ره‌كه‌ت بوو ته‌نانه‌ت نه‌ده‌بوو له‌و مه‌جلیسه‌دا وه‌ڵامی ته‌له فونیش بدرێته‌وه بۆیه من مۆبایله‌كه‌م له مامۆستا حه‌سه‌ن شه‌میرانی وه‌رگرت و دام به شاهیدی كوڕی وتم جه‌ره‌سی بۆ هات ناوی پێوه بوو گرنگ بوو وه‌ڵامی بده‌ره‌وه ئیتر كه مۆبایل و ته‌له فزوێن و باسی سیاسه‌ت و قه‌یران نه‌هاته كایه ده‌روون حه‌وایه‌وه، پێنج سه‌عات ئێمه ئاسووده بووین ته‌نانه‌ت كه هاتینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه مامۆستا ئه‌مینی ژنبرام وتی مناڵكانت له ماڵی ئێمه‌ن وتم باشه تۆزێك داده‌نیشین و ده‌ڕۆینه‌وه، كه ڕۆشتینه ژووره‌وه ماڵ و مناڵ وتیان به‌خێربێنه‌وه وتم من له پێش مه‌غریبه‌وه له بوژاندنه‌وه‌ی دڵم وتیان به‌ڕاست وتم به‌خوا وتیان ئه‌ی بۆ قسه‌تان نه‌كردووه ؟ وتم بۆچی قسه بكه‌ین خۆ زۆر هیلاك نه‌بووین پاشان كردم به سۆعبه‌ت وتم كوره ئه‌و مه‌جلیسه له بوژاندنه‌وه‌ی دڵ باشتر بوو ئیتر بوو به پێكه‌نین و هاتینه‌وه بۆ ماڵه‌وه، داوا له دراوسێ و دۆستان و خزمان و ڕه‌فیق ومامۆستایان و پیاو ماقوڵان ده‌كه‌م بهینه بهینه له ناو خۆتاندا ئه‌م جۆره كۆڕ و كۆبوونه‌وانه ساز بكه‌ن مه‌رج نی یه سه‌ر سفره‌كانتان گۆشتی تیابێت و قه‌ره‌باڵغ بێت، ده‌كرێت هه‌ر نانخواردنی تیا نه بێت، دوای عه‌سرانێك یا پاش نوێژی عیشا به چایه‌ك یا دوو كیلۆ میوه، یا ئه‌گه‌ر خوا پێ داوێكتان تیا‌بوو با ئه‌و میوانی یه‌كه ڕێك بخات و باقی خزمان ده‌عوه‌ت بكات و به قسه‌ی خۆش و باس و خواسی مێژووی و خزمایه‌تی و یه‌كتر ناسین و پرسیاری شه‌رعی و نه‌سه‌ب و به‌سه‌رهاتی باو باپیران چه‌ند ساتێكی ئارام به‌سه‌ر به‌رن له كۆڵێ داوو ده‌رمان قوتارتان ده‌بێت به یارمه‌تی خوای په‌روه‌ردگار وصلی الله علی حبیبنا محمد وعلی اله وصحبه وسلم والسلام علیكم ورحمه الله وبركاته.
براتان
مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی
2-2-2018 هه‌ڵه‌بجه