خوایه بمانپارێزه له سێ ژه‌مه تۆڵه‌كه
به‌ڕێزه‌كه‌م له‌وانه‌یه ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ت به‌لاوه سه‌یر بێت، یانهزانی تۆڵه‌كه چی یه و چۆن ده‌خورێت؟ ئه‌ی سێ ژه‌مه‌كه ده‌بێت چی و چۆن بێت؟؟ ئه‌م گه‌لی كورده زوو شتی له‌بیرده‌چێته‌وه، به‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی پاش كیمیا باران و ئه‌نفال و ڕاپه‌ڕین، له‌ساڵه‌كانی شه‌ڕی نه‌گریسی نێوان عێراق و ئێران و داگیركردنی كوه‌یت وتهقاندنهوهو ئاگر تێ به‌ردانی بیره نه‌وته‌كان، دانانی ئابڵۆقه‌ی ئابووری له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گرانی و قات و قڕییهك وڵاتی گرته‌وه كه پشتی خه‌ڵكه داما و هه‌ژاره‌كه‌ی شكاندبوو، كیلۆیه‌ك ئارد به دوانزه دینار بوو كیلۆیه‌ك شه‌كر به سی چل دینار بوو، نه‌خۆشی و برسێتی و شه‌ڕ و مل ملانێی حیزبایه‌تی وعه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه و ئاو دیوكردنی ئۆتۆمبیل و ئامێر و كه‌ره‌سه‌كانی فه‌رمانگه‌كان و ئاگر تێ به‌ردانی ئه‌وه‌شی كه بؤيان نةدةبرا، له‌و ساڵانه‌دا ماڵمان له شارۆچكه‌ی زۆره ملێی برایه‌تی بوو له نزیك باريكه و عه‌ربه‌ت، بار و دۆخێكی زۆر ناهه‌مواربوو مرۆڤی عاقڵ و له خواترس سه‌ری سپی ده‌كرد ئه‌وه‌نده شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ده‌بینی كه‌ئه‌م باسی تۆڵه‌كه مشتێكه له و خه‌رواره، فه‌رموون ئێوه و ڕووداوه‌كه وه‌ك خۆی: دوو هاوڕێی خۆشه‌ویستم هه‌بوو(ج - ح) ماڵیان له قه‌راغ چه‌می تانجه‌رۆدا بوو له نێوان نصر و باریكه‌دا، جار جار له ناعیلاجیدا نوكته و به‌سه‌رهاتمان بۆ یه‌كتر ده‌گێڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تۆزێك خه‌م و داخ بڕه‌وێنین و به با بده‌ین ، باسی قات و قڕی و هیچ نی یه بیخۆین و مناڵ سكی ده‌چێت و له‌م بابه‌تانه یه‌كێك له‌و خۆشه‌ویستانه بۆی گێڕامه‌وه وتی: دراوسێ یه‌كی هه‌ژارمان هه‌بوو زۆر ده‌ست كورت بوو ئه‌ڕۆشت بۆ بازاڕ بۆ كرێكاری ده‌ستی نه‌ده‌كه‌وت و نیوه‌ڕۆ ده‌هاته‌وه، پاش نیوه‌ڕۆ هه‌میسان ده‌ڕۆشته‌وه بۆ بازاڕ و ئێواره ده‌هاته‌وه، به‌یانی یه‌ك له خه‌و هه‌ڵسابوو وتبووی ژنه‌كه چیمان هه‌یه؟ ژنه‌كه‌ش وتبووی تۆڵه‌كه، پیاوه‌كه‌ش وتبووی ده‌ی بیهێنه، تۆڵهكهكهی خستبووه به‌رده‌م پیاوه‌كه‌ی، پیاوه‌كه‌ش ده‌یخوات و ده‌ڕوات بۆ بازاڕ و چاوه‌ڕوانی ڕه‌حمی خوا و خێرێك ده‌كات به‌ڵكو له‌و سه‌ره‌وه دوو دیناری ده‌ست بكه‌وێت و شتێك بكڕێت بۆ مناڵه هه‌ناسه سارده‌كانی و بێته‌وه به‌ڵام مه‌خابن نه‌بوو نزیك نیوه‌ڕۆ لۆژه لۆژ به‌ره‌و خوار ده‌بێته‌وه بۆ ماڵ له برسانا لاكه‌ی دێت، ده‌لێ ژنه‌كه چیمان هه‌یه؟ ژنه داماوه‌كه‌ش ده‌ڵێ پیاوه‌كه تۆڵهكهمان هه‌یه لاملێكی لێ ده‌خورێنێ و ده‌ڵێ باشه بیهێنه خواكردویهتی، ژنه‌كه‌ش به هه‌ندێ نانی بۆر و ڕه‌شه‌وه تۆڵهكهكه ده‌خاته به‌رده‌ستی پیاوه‌كه، ئه‌ویش ده‌یخوات هه‌میسان ملی ڕێگه‌ی ناو بازاڕی باریكه ده‌گرێته‌وه هه‌تا خۆرئاوایه‌كی دره‌نگ چاوه‌ڕوانی ده‌كات به‌ڵام سفتاح ناكات و ناچار دێته‌وه، زۆر برسی یه‌تی و هیچیش شك نابات نهبۆنێ نهبهرامهیهك، پێ ده‌نێ له جه‌رگی خۆی و پرسیاره تاڵه‌كه ده‌كاته‌وه له ژنه بهصهبر و سهلیقهكهی چیمان هه‌یه؟ به‌خوا پیاوه‌كه تۆڵه‌كه‌ی تازه‌مان هه‌یه، ئیتر پیاوه‌كه شپرزه ده‌بێت و جنۆكه‌كان ئهیدێوێنن وتووڕه ده‌بێت ده‌ڵێ ژنه‌كه كه‌وابوو تۆ بۆ عه‌زییه‌تی خۆت ئه‌ده‌یت ده‌ڕۆیت تۆڵه‌كه دێنیت و وردی ده‌كه‌یت و ئاگر ده‌كه‌یته‌وه و ده‌یكوڵێنی وامه‌كه په‌تێ بخه‌ره ملم بمبه له‌ناو تۆڵهكهكهدا بمبهسهرهوه.
به‌ڕێزان ئێستا حاڵی بوویت له(سێ ژه‌مه تۆڵه‌كه) جا ئه‌م تۆڵه‌كه‌ی به‌رده‌می من وه‌ك ئه‌و تۆڵهكهیه نی یه ئه‌و پیاوه به‌ڕێزه سێ ژه‌مه خواردوویه‌تی، ئه‌م تۆڵهكهیه هی ناو باخی زهردههاڵه و به هێلكه‌ی مریشكی كوردی یه‌وه و به‌ڕۆن و به‌نانی سپی و بر‌ژاو وه‌وه ده‌یخۆین وساڵی جارێكیش یان دووجار، جا خۆشه‌ویستان ئێمه‌ی گه‌لی كورد ئه‌و ڕۆژگاره سه‌خت و دژوارانهمان تێ په‌ڕاند و خوای په‌روه‌ردگار له‌پاش ئه‌وه ده‌رووی لێكردینه‌وه خواردنی خۆش وپاره‌ی زۆر و ئیشی زۆر، یه‌ك فه‌رده ئاردی سپی په‌نجا كیلۆیی زۆر چاك به بیست و پێنج هه‌زار دیناره، ئه‌و ڕۆژگاره كه‌س بیری له خۆكوشتن و خه‌ڵك كوشتن نه‌ده‌كرده‌وه، هیچ ژنێكی هه‌ژار و گیرفان خاڵی و قۆڵی بێ بازن و مه‌تبه‌خی بێ ته‌باخ خۆی نه‌ده‌سوتاند، هیچ گه‌نجێك سه‌ری خۆی هه‌ڵنه ده‌گرت ماسی بیخوات و ئاگر له جه‌رگی باوك و دایكی به‌ربدات، هیچ پیاوێكی مه‌رد بازۆر برسیشی بوو بێت ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق نه ئه‌دا له‌سه‌ر چێشتی بێ تام و چای كه‌م ڕه‌نگ ، ئه‌و ڕۆژگاره مۆبایل نه‌بوو خێزان هه‌ڵته‌كێنێ، ئینته‌ر نێت نه‌بوو حه‌یا هه‌ڕاج بكات، كه‌ناڵی بێ سه‌ر و به‌ر نه‌بوو خه‌ڵك فێری شزوزی جنسی و هاو ڕه‌گه‌زبازی بكات، ئه‌و ڕۆژه عاره‌ق و تلیاك و نێرگه‌له له‌سه‌ر جاده هه‌ڕاج نه‌بوو مناڵ و گه‌نجی ئه‌م گه‌له له بار به‌رن، له كۆتاییدا ده‌ڵێم خوایه له‌م فه‌وزایه‌ش ڕزگارمان بكه و دڵمان به فه‌زڵ و ڕه‌حمه‌تی خۆت خۆش بكه ئه‌وه باشتره له‌وه‌ی ئێمه كۆی ده‌كه‌ینه‌وه............ئه‌وه‌ش به‌زمی( سێ ژه‌مه تۆڵه‌كه).
مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی
2018-2-23-- هه‌ڵه‌بجه