بینراوه
:
ئه‌مڕو شه‌ممه 4-1-2020 له‌كاتی بانگی عه‌صردا ته‌له‌فونێكم بۆ كرا له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی هه‌ڵه‌بجه‌وه وتی مامۆستا كاك بارام ڕێشاوی له حاڵی خۆیدایه و دكتۆره‌كان ده‌ستیان لێ شۆردووه بۆ چاك بوونه‌وه, وتم باشه له دوای نوێژی عه‌صر دێم, به‌ڵام دڵم به‌رگه‌ی نه‌گرت و خۆم گه‌یانده نه‌خۆشخانه و بوژاندنه‌وه‌ی دڵ, ده‌ستم كرد به خوێندنی یاسینی و چه‌ندین دۆعای خێر, دڵخۆشی مناڵه‌كانی و كه‌س و كاره‌كه‌یم دایه‌وه و هاتمه‌وه بۆ مزگه‌وت بۆ نوێژه‌كه‌م, له پاش نوێژی عیشا جارێكی تر ته‌له‌فونم بۆكرایه‌وه مامۆستا كاك بارام كۆچی دوایی كرد, (انا لله وانا الیه را‌جعون) به‌لامه‌وه سه‌خت بوو جیابونه‌وه‌مان به‌ڵام كه بیری ئێش و نه‌خۆشی یه‌كه‌یم ده‌كرده‌وه ده‌مزانی خوا ڕه‌حمی پێكردووه له‌و ناخۆشی یه ڕزگاری كرد, ڕۆشتم بۆ مزگه‌وتی عوسمانی كوڕی عه فان(شه‌هیدان) نوێژمان له‌سه‌ركرد و بردمان بۆ گۆڕستانی عه‌بابه‌یلێ و ناشتمان و هاتینه‌وه, دۆعای خێری زۆرمان بۆكرد, له‌سه‌ر جهنازهكهشی له مزگه‌وتدا باسێكی كاك بارامم كرد, كه پیاوێكی ڕووخۆشی قسه خۆشی كاسب و ئه‌هلی مزگه‌وت و خزم دۆست و باخهوانێكی لێزان و بنێشتكهر و دوكاندار له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا موسڵمانی خۆش ده‌ویست و ڕێزی زانایانی ده‌گرت و له ههڵقهكانی قورئاندا داده‌نیشت و قسه‌ی خۆیشی هه‌بوو له‌كاتی گونجاو‌دا, هێنده به‌شداری دانیشتن و میوانه‌كانی خاڵۆ مه‌لا عومه‌ری و خاڵۆ ئیبراهیمی ڕێشاوی كردبوو زۆربه‌ی باسهكانیانی له‌به‌ر بوو, من و كاك بارامی حاجی محمودی ڕێشاوی ده‌مێكه یه‌كتر ده‌ناسین و ڕه‌فیقین له ماڵی خاڵۆ عومه‌ر و خاڵۆ ئیبراهیمه‌وه له ساڵانی 1978 وه هه‌تا ئێستا دڵمان له‌یه‌كتر نه ئێشاوه, ماوه‌یه‌ك دراوسێ دوكان بووین له ژێر سه‌تڵی موكهبهرهكانی مزگه‌وتی دارالاحساندا من كاره‌بایی بووم ئه‌ویش گه‌نمه شامی و برێشكهی زه‌ڕاتی ده‌فرۆشت, له وه‌رزی زستاندا ڕۆژگار زۆر كورته بۆ كاسبكار ناشێت له دوای نیوه‌ڕۆ ده‌هاتین بۆ دوكان , زۆری نه ده‌برد بانگی عه‌صری ده‌دا, ئه‌هات و ئه‌یوت مامۆستا بێرۆ با بڕۆین بۆ نوێژه‌كه‌مان به خوا ئه‌م سهتڵانی كاك عیزه‌تی خادیمی مزگه‌وته وا بكه‌ن ناهێڵن دوو دینار په‌یدا بكه‌ین, به‌یه‌كه‌وه نوێژمان ده‌كرد و ده‌هاتینه‌وه بۆ دوكان, كاك بارام زۆر نمونه‌ی عه‌جیبی ده‌هێنایه‌وه له قسه‌كردندا, جارێكیان هات له مزگه‌وتی خۆمان نوێژی عهصرمان كرد وتی مامۆستا بیرۆ با سه‌رێ بده‌ین له حاجی حه‌سه‌نی خاڵۆ عه‌لی بامۆك له خوار مزگه‌وته‌وه خه‌ریكی خانوه كۆنهیهكه چاكی ده‌كات, ڕۆشتین سه‌یرمان كرد جه‌كی لێداوه و به‌رزی ده‌كاته‌وه و بۆیاخی ده‌كات و ده‌رگا و په‌نجه‌ره ده‌گۆڕێ , كاك بارام ئیشه‌كه‌ی به دڵ نه‌بوو, وتی كاك حسن عاجز مه‌به قسه‌یه‌ك ده‌كه‌م, خانوی كۆن چاككردن وه‌كو ئه‌وه وایه پیره‌ژن بكه‌یت به بووك.
له مزگه‌وتی دار الاحسانیش مامۆستا مه‌لا خالد حمه تۆفیق و نوێژ خوێنه‌كانی مزگه‌وت له پاش نوێژی به‌یانی قورئانیان ده‌خوێند تێكه‌ڵ له خوێنه‌وار و كه‌م خوێنه‌وار كاك سید میره‌ش له‌وێ یه زوو زوو هه‌ڵه و سههووهكانی ڕاست ده‌كرده‌وه بۆیان ته‌نانه‌ت بۆ مامۆستا خالد و مامۆستا جعفریش, كاك بارام ناوی نابوو (چه‌كوشی ئه‌نجه‌رلیك) به‌سه‌ریانه‌وه, كاك بارام قاموسێك دابنێی ۆ قسه خۆشه‌كانی ته‌واو نابن به‌ڵام له ده‌ستمان چوو, له خوا داواكارم له یه‌كه‌م شه‌وی گۆڕدا بیبه‌خشێ و گۆڕی پڕ نوور بكات و له خزمه‌ت پیاوباشان و شه‌هیدان و ڕاستگۆیان و پێغه‌مبه‌راندا حه‌شری بكات و سه‌بوری ماڵ و منداڵی بدات و ئێمه‌ش عاقیبه‌ت خێر بكات و له پاش ئه‌وان توشی فیتنه و ئافات نه‌بین له دینمان و له ژینماندا.
مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی
پێش نوێژ و وتار خوێنی مزگه‌وتی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب
5-1-2020 هه‌ڵه‌بجه